گابریێل سوما: لەم دۆخەدا ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە

گابریێل سوما، راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ
گابریێل سوما، راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ

K24 – هەولێر:

راوێژكارێکی دۆناڵد ترەمپ، رایدەگەیەنێت، ئەگەر سزای توندتری ئێران بدرێت ناتوانێت هاوکاری میلیشیاکان بکات. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، لەم دۆخەدا ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە.

گابریێل سوما، راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەیە، بەڵام لەو دۆخەی ئێستا پێموانییە بکشێنەوە، هێزەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریان، چونکە تا ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئەمەریکا لەو دۆخەی ئێستا و لەپێناو پاراستنی ئیسرائیل، ئامادەنییە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵێت.

ئەو راوێژکارەی دۆناڵد ترەمپ، گوتی: سیاسەتی ئیدارەی بایدن ئەوەیە هەرکاتێک هێرشبکرێتەوە سەر بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ئەوە ئەمەریکا وەڵامدەداتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدا نییە جەنگەکە فراوانتر بکات، لەو مەودایە دەیهێڵتەوە و سیناریۆی 2003 دووبارە ناکەنەوە چونکە ئەمساڵ هەڵبژاردنیشیان لەپێشە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر ترەمپ لەو خولەدا سەرۆکی ئەمەریکا بوایە هەڵوێستی چی دەبوو لەبارەی ئەو جەنگ و ئالنگارییانەی کە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، گابریێل سوما، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر ترەمپ لە کۆشکی سپی بوایە ئەوا رووسیا هێرشی نەدەکردە سەر ئۆکرانیا، حەماس هێرشی نەدەکردە سەر ئیسرائیل و گرووپە میلیشیاکانیش هێرشیان نەدەکردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، هەروەها حووسییەکانیش لە یەمەن نەیاندەتوانی هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، چونکە ترەمپ راستەوخۆ هیرشی دەکردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئێران لە سەردەمی ترەمپدا نەیدەتوانی رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بەڵام لە سەردەمی بایدندا ئێران فرۆشی نەوتی زیاتر کرد، کردیە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەمەش وەک دیاری بوو بۆ ئێران، کە توانی هەفتانە 1.5 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.

ئەو راوێژکارەی دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوەشکرد، ئەگەر لە سەردەمی ترەمپ یەک سەربازی ئەمەریکیش بکوژرابووایە ئەوا راستەوخۆ ناوبراو بە کرداری رووبەڕووی ئێران دەبوویەوە، رووبەڕووی فەرماندە باڵاکانی دەبوویەوە و شەڕەکەی رادەگرت.

گابریێل سوما، لەبارەی ئاییندەی عێراق دەڵێت: عێراق قوربانی هەژموونی ئێرانە، من سەرکۆنەی حکومەتی عێراق ناکەم بەڵکو سەرکۆنەی حکومەتی ئێران دەکەم، چونکە ئێران چەک و پارە دەداتە گرووپە میلیشیاکانی عێراق، بۆیە ئێران بەرپرسیارە لەوەی کە لە عێراق روودەدات، بۆیە دەبێت حکومەتی ئەمەریکا بە کردار وەڵامی ئێران بداتەوە، ئەگەر سزای زۆر توند بخرێتە سەر ئێران ئەوا ناتوانێت راستەوخۆ هاوکاری گرووپە میلیشیاکان بکات.

گوتیشی: ئەگەر دۆخەکە وەکو ئێستا بمێنیتەوە ئەوا رۆژێک دادێت ئەو میلیشیایانەی ئێران دەست بەسەر هەموو عێراقدا دەگرن، ئەمەش شتێکە کە ئێمە نامانەوێت، هەروەها ئامانجی ئێران ئەوەیە کۆنتڕۆڵی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

ئەو راوێژکارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کشایەوە، ئێران کۆنتڕۆڵی هەموو وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، دواتریش نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبات و وڵاتی ئیسرائیل لەناو دەبات، ئەگەر ئەمەش روویدا بە هاوکاری رووسیا، چین و کۆریای باکوور ئەم کارە ئەنجامدەدات.