پۆلیسی لەندەن داوای گۆڕینی کاتی یاریی چێڵسی و لیڤەرپوول دەکات

جامی کاراباو
جامی کاراباو

هەردوو یانەی چێڵسی و لیڤەرپوول بڕیارە رۆژی 25ـی مانگی داهاتوو، لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو لە یاریگای وێمبڵی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، رووبەڕووی یەکتری ببەنەوە.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، بەهۆی هەستیاری یارییەکە پۆلیسی شارەکەیان داوای لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان کردووە، کاتی یارییەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و چاوەڕێش دەکرێت کاتەکە بگۆردرێت.

ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردەوە یارییەکە بڕیارە کاتژمێر 19:30 بە کاتی هەولێر بکرێت، بەڵام پۆلیسی لەندەن داوای کردووە یارییەکە کاتژمێرێک و سی خولەک پێشبخرێت و لە کاتژمێر 18:00 بکرێت، ئەویش لە پێناو ئەوەی پێش ئەوەی ئاسمان بە تەواوەتی تاریک بێت یارییەکە کۆتایی بێت.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە لە ساڵانی رابردوو، هاندەرانی هەردوو یانەی چێڵسی لیڤەرپوول بەردەوام دوای یارییەکان، ئاژاوەی زۆریان دروستکردووە، کە بەم هۆیەوە گەڕەکەکانی نزیک یاریگای وێمبڵی تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بونەتەوە، بۆیە داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی بە باشی کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکەن.