دەزگای خێرخوازیی بارزانی: شێخ عەزیز وەكو رەمزێكی دیاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشین ناسراوە

لۆگۆی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی
لۆگۆی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی

K24 – هەولێر:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، شێخ عەزیز، سەرۆكی كۆچكردووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆڵێكی كاریگەر و گرنگی هەبووە لە كاری مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران و یەكەم سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.

رۆژی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێكی چەواشەكاری سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ساختەكردنی وێنە و هەواڵ و ڤیدیۆ دەستیپێكردووە و ناو بەناو بە ڤیدیۆی ساختەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەوڵی چەواشەكردنی رای گشتی كوردستان دەدرێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی روونیکردووەتەوە: لە دوایین هەوڵیشدا، بەكارهێنانی وێنەی خوالێخۆشبوو، شێخ عەزیز شێخ رەزا، سەرۆكی كۆچكردووی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، كە زۆر بێ بنەمایانە بە كەسێكی بیانی و نوێنەری مۆساد و ئیسرائیل ناساندوویانە.

دەقی روونكردنەوەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێكی چەواشەكاری سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ساختەكردنی وێنە و هەواڵ و ڤیدیۆ دەستیپێكردووە و ناو بەناو بە ڤیدیۆی ساختەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەوڵی چەواشەكردنی رای گشتی كوردستان دەدرێت.

لە دوایین هەوڵیشدا، بەكارهێنانی وێنەی خوالێخۆشبوو، شێخ عەزیز شێخ رەزا، سەرۆكی كۆچكردووی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، كە زۆر بێ بنەمایانە بە كەسێكی بیانی و نوێنەری مۆساد و ئیسرائیل ناساندوویانە.

وێڕای نەزۆكی ئەو هەوڵە و رەتكردنەوەی لەلایەن جەماوەری كوردستان، بەپێویستی دەزانین روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی هەرێمی كوردستان و عێراق بخەینەڕوو، كە شێخ عەزیز، تێكۆشەرێكی دیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بووە و لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپییش نوێنەرایەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و مەلا مستەفا بارزانی نەمری كردووە.

شێخ عەزیز، سەرۆكی كۆچكردووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆڵێكی كاریگەر و گرنگی هەبووە لە كاری مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران و یەكەم سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2005 تا 2017، سەرەڕای ئەوەی كە سەرۆكی دەزگاكە بووە، بەڵام هەمیشە وەكو كارمەندێكی سادە، كاریكردووە و بەشداری مەیدانی لە كارە خێرخوازیی و مرۆییەكاندا هەبووە.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە، شێخ عەزیز وەكو رەمزێكی دیاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشین لە هەرێمی كوردستان و عێراق ناسراوە و هیچ هەوڵێكی نەیاران و ناحەزان، وێنەی جوانی ئەو تەڵخ ناكات و لە گەورەیی ئەو زاتە لەخۆبردووە كەمناكاتەوە، ئەو هەوڵانەش، وەك هەمیشە بێ ئەنجام دەمێننەوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی

25/1/2024