فه‌ره‌نسا: لە پشتیوانیکردنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق بەردەوام دەبین

ئاڵای فه‌ره‌نسا
ئاڵای فه‌ره‌نسا

K24 – هه‌ولێر:

فەرەنسا پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان ئەمه‌ریکا  و عێراق سەبارەت بەدانانی خشتەی کاتی بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکات.

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لەبەغدا راگەیه‌ندراوێکی لەتۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە دەکات، پێشوازی لە بڕیاری ئەمه‌ریکا و عێراق بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ لەرێگەی لیژنەی باڵای سەربازییەوە دەکەن.

باڵیۆزخانەی فەرەنسا دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئامادەن پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لە ناویشیاندا پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ عێراق پەرەپێبدەن.

پێشتریش سابت محه‌ممه‌د عه‌باسی وه‌زیری به‌رگری عێراق رایگه‌یاندبوو، لیژنەی باڵای سەربازی عێراقی – ئەمه‌ریکی دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ دیاریكردنی واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.

رۆژی چوارشەممە(24 ی کانوونی دووەمی 2024)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمه‌ریکا له‌ رێگه‌ی ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌غدا نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراقی کرد، بێ ئەوەی ناوەرۆکی نامەکە ئاشکرا بکات.

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق كرد، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له‌ عێراق.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.

ئۆستن ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەمە هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.

هاوکات لۆید ئۆستن ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتەن. ئەمەریكاش پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و ناوچەكە.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پابەندی خۆی بە پاراستنی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتكردبووه‌ و ئاماژەی به‌وه‌كردبوو، گفتوگۆکانیشیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ هەڵسانگادنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی كاتی بۆ ماوەی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەست بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتی لە دژی داعش دەکرێت و کار دەكەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق. لە و ماوەیەشدا، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رێگریکردن لە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.