نۆ ساڵ بەسەر رزگارکردنی کۆبانێ تێدەپەڕێت

چوونی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ
چوونی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ

K24 – هەولێر:

نۆ ساڵ بەسەر رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، کە لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، پێشمەرگەی کوردستان رۆلێکی گەورەی بینی لە دەرکردنی چەکدارانی داعش لە کۆبانێ و ئازادکردنی بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان لە تیرۆریستان.

دوای ئەوەی له‌ ئه‌یلوولى 2014، چه‌كدارانى داعش هێرشێكى فراوانیان كرده‌ سه‌ر كۆبانێ و لە 80%ـی كۆبانێیان كۆنتڕۆڵكرد، له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2014، له‌سه‌ر داواى سەرۆک مه‌سعود بارزانى کە ئەوکات سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بوو، په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى بۆ كۆبانێ په‌سه‌ندكرد.

150 پێشمەرگە وەک یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رۆژی (28ـی تشرینی یەکەمی 2014) بەنێو خاکی تورکیادا تێپەڕین و گەیشتنە کۆبانێ، دواتر سێ کاروانی دیکە لەكاتی جیاجیادا رەوانەکران. بەهاناوەچوونی کۆبانێ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بێ قوربانی نەبوو. یەکەم شەهیدی کۆبانێ شەهید زێرەڤان مزووری بوو.

شه‌هید زێره‌ڤان له‌دایكبووی ساڵی 1991، قوتابی قۆناغی دووه‌می به‌شی زمانی كوردی بوو له‌ زانكۆی سۆران، له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ نیشتمان مۆڵه‌تی خوێندنی وه‌رگرتبوو به‌ ئاواتی ئه‌وه‌ی دوای نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی داعش خوێندنی زانكۆ ته‌واو بكات، به‌ڵام له‌ 20ی کانوون دووەمی 2015 له‌ كۆبانێ شه‌هیدبوو.

به‌ پشتیوانى هێزى پێشمه‌رگەی کوردستان‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانان، له رۆژی‌ (26ـی كانوونی دووەمی 2015) شه‌ڕڤانان له‌ رۆژئاواى كوردستان ته‌واوى كۆبانێیان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌ و دوای تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، لە (22ـی نیسانی 2015) هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەبارەی ناردنی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند، بڕیارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی، نیشتمانی و مرۆڤانە بوو، بڕیارەکە پشتیوانی کوردستانی و نێودەوڵەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارێکی دروست و بەرهەمداربوو.