شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی دەستدرێژییەکان دابنێت
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە توندی ئیدانەی بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازیی کۆرمۆر دەکات و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد رێوشوێنەکان بگرێتەبەر لەپێناو دانانی سنوورێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی دەستدرێژی بۆ سەر دەزگا مەدەنی و گرنگەکان.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "بهتوندترین شێوه سهركۆنهی بهئامانجگرتنی كێڵگهی غازیی کۆرمۆر دەکەین کە به فڕۆكهی بێفڕۆكهوان ئهنجامدرا له پارێزگای سلێمانی، كه بووه هۆی بڕینی كارهبا له هاووڵاتییانی چهند ناوچهیهكی ههرێمی كوردستان".
شاخەوان عەبدوڵڵا لە پەیامەکەیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە، رێوشوێنی پێویست بگرێتهبهر لەپێناو دانانی سنوورێک بۆ دووبارهنهبوونهوهی ئهو دهستدرێژییانه بۆ سهر دهزگا مهدهنی و ژیارییەکان، كه بووەته هۆی دروستکردنی مهترسی راستهقینه بۆ سهر ئاسایش و سهقامگیری. هەروەها بە پێویستی زانی سەرکێشی لایەنە لەیاسادەرچووەکان رابگیرێت و لێپرسینهوهیان لهگهڵدا بكرێت .
شەوی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کاتژمێر 10:30ـی شەو، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، یەکێک لە عەمبارەکانی نەوتی رەش و پاشماوەی غازی پێکراوە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
دوای هێرشەکەش، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كاتژمێر 10:22 شەوی 2024/1/25 بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتەبەر کە ئەو کردەوە تاوانکارییەکی ئەنجامداوە کە کە هەڕەشە لە پرۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات ئامانجیان لهناوبردنی ئابووری عێراقه و فەرمانی کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت.
کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
ناحیەی قادر کەرەم ئێستا لە سنووی قەزای چەمچەماڵە کە پێشتر سەر بە قەزای دووزخورماتوو بوو لە پارێزگای سەڵاحەددین و یەکێکە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140.