واشنتن هەنگاوەکانی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا خێراتر دەکات

  K24 - هەولێر

حکومەتی تورکیا بە فەرمی بڕیاری پەسەندکردنی سویدی لە ئەندامێتی ناتۆ بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بە فەرمی داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا بدات.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ئاشكرایکردووە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رەزامەندیداوە لە سەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 و پارچە یەدەگەکانی فڕۆکەکە بەتورکیا لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی کراوە، کە بەهای 23 ملیار دۆلارە.

هەر لە بارەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکە پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە کۆنگرێس کردووە رەزامەندی بدەن لە سەر فرۆشتنی 40 فڕۆکەی ئێف16 و پارچە یەدەگەکانی، ئەمەش لە چوارچێوەی گرێبەستێکی دوو رەهەندی، کە بەشی دووەمی گرێبەستەکە فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف35ـە بە یۆنان.

هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکەی فرۆشتنی ئێف16 بەتورکیا، دوای ئەوە دێ، کە رۆژی سێشەممە 23ی ئەم مانگە، پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی بە ئەندامبوونی سوویدی لە دامەزراوەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ پەسەندکرد، دوای ئەمەش جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە کۆنگرێس کرد، پەلە بکەن لە پەسەندکردنی فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا.

هەروەها ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەڵوێستی ئەمەریکا و سەرۆک بایدن روونە، ئامانج ئەوەیە تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی یەکانگیربن لەگەڵ هاوپەیمانییەکە.