گەورەترین کەشتی گەشتیاری لە فلۆریداوە گەشتەکەی دەست پێدەکات

کەشتی ئایکۆن ئۆف زە سییز
کەشتی ئایکۆن ئۆف زە سییز

K24 – هەولێر

گەورەترین کەشتی گەشتیاری بە ناوی ئایکۆن ئۆف زە سییز، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای رۆياڵ كاريبيان ئینتەرناشيۆناڵ دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ شەممە 27ی کانوونی دووەمی 2024 یەکەم گەشتی لە بەندەری میامی ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکاوە دەست پێدەکات.

بڕیارە گەشتێکی حەوت رۆژە بە نێو زەریادا بکات بۆ دوورگەکانی هێڵی کەمەرەیی گۆی زەوی، لەم گەشتەدا ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی و یاریزانانی هاوڕێی لە یانەی ئینتەر میمامی میوانداری گەشتەکە کراون.

جەیسۆن لێبرتی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی رۆیاڵ کاریبیان رایگەیاندووە، کەشتی ئایکۆن ئۆف زە سییز، لەم گەشتە حەوت رۆژەدا خەون و خەیاڵی 50 ساڵەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری دەریایی و بەسەربردنی پشتوو لە ئاستی جیهاندا دەهێنێتەدی.

لێبرتی راشیگەیاندووە، گەشت و پشووێکی جوان و سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ تەواوی تەمەنەکان.

کەشتی ئایکۆن ئۆف زە سییز درێژییەکەی 365 مەترە، بۆ یەکەمجار لە ئۆکتۆبەری 2022 پەردەی لەسەر لادرا، سێشەممەی هەفتەی رابردوو ئاهەنگی بەکارخستنی بۆ گێڕدرا.

کەشتییەکە لە 20 نهۆم پێکهاتووە و ستافێکی دوو هەزار و 350 کەسی خزمەتگوزارییەکان ئامادە و پێشکەش دەکەن، هەروەها توانای هەڵگرتنی حەوت هەزار و 600 سەرنشینی هەیە.

لە نێو کەشتییەکەدا، حەوت مەلەوانگە و شەش خلیسکانێی هەڵواسراو و هۆڵێکی شانۆیی هەیە، لەگەڵ زیاتر لە 40 خواردنگە.