گەڕی یەکەمی دانووستانی عێراق و ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد

دانووستانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق
دانووستانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق

K24 - هەولێر

نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی، بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەغدا، گەڕی یەکەمی دانووستانەکانی عێراق و ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەڕاستی ئەم مانگە لە پانێلێکدا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس رایگەیاند، ئێستا هێزە عێراقییەکان توانا و لێهاتووییان هەیە بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەری عێراق بۆیە کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکانە لە عێراق، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش هاتوونەتە عێراق.

هەروەها سابت محه‌مه‌د عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگری عێراق رۆژی پێنجشەممە رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت. ئاماژەشیدابوو، پەیوەندی هاوکاری هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازیدا بنیات دەنرێت، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو هێزەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

دەستپێکردنی دانووستانەکانی عێراق و ئەمەریکا دوای چڕبوونەوەی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق دێت بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، کە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 160 هێرشیان کردووەتە سەر هێزە بیانییەکان داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا و ناوچەکە دەکەن.