لە ھەرچوار پارچەی كوردستان سەردانی بارزان دەكەن
K24 - بارزان:
بە بۆنەی 113مین ساڵیادی لە دایكبوونی مەلا مستەفا بارزانی، سەركردەی بزاڤی رزگاریخوازی كورد نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و چین و توێژەكان لە ھەر چوارپارچەی كوردستان سەردانی مەزاری ئەو سەركردە كوردە دەكەن لە دەڤەری بارزان.
لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) خەڵات بارزانی، نوێنەری مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە رۆژی 1ی ئەم مانگە كە رۆژی كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانیە تا ئەمڕۆش كە ساڵیادی كۆچی دوایی ئەوە، خەڵكی لە ھەر چوار پارچەی كوردستان و شار و شارۆچكەكانی كوردستان، وەك وەفا بۆ رێبازی بارزانی نەمر و ئیدریسی ھەردەم لە یاد، سەردانی مەزاری نەمران دەكەن".
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: "بارزانی سەركردەیەك بووە ژیانی خۆی لە پێناو خەڵكی مەزڵوم كردوەتە قوربانی، بۆیە ئەو كەسانەی ژیانیان بۆ میللەتەكەیان تەرخانكردوە نامرن".
گوتیشی: "ئەركی ئێمە لێرە تەنھا خزمەتكردنی ئەو كەسانەیە كە سەردانی بارزان دەكەن".
مستەفا شێخ محەممەد بارزانی ناسراو بە مەلا مستەفا لە ساڵی 1903 لە دایكبووە، یەكێك بووە لە سەركردە دیارەكانی كورد و ناوچەكە و لە سەر ئاستی جیھان ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٦ لە کۆماری مەھابادا رۆڵی گرنگی ھەبووە و رێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
لە ساڵی١٩٦١دا شۆڕشی ئەیلوولی دژ بە حکوومەتی ناوەندیی ئەو کاتی عێراق دەستپێکرد و تا دوا ساتەكانی ژیانی بەردەوامبوو لە خەبات لە پێناو بە دیھێنانی ماف و ئامانجەكانی گەلی كورد، لە ساڵی ١٩٧٩دا لە ویلایەتە یهکگرتووهکانی ئەمریکا لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا كۆچی دوایكرد.