کتێبی شیعری "هەوری مات" بڵاو دەبێتەوە

کتێبی شیعری
کتێبی شیعری

K24 - هەولێر

کتێبی "هەوری مات" دووەمین بەرهەمی "ئیسماعیل سابیر"ە، کە خۆی لە کۆمەڵێک شیعری جیاجیا دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، ئیسماعیل سابیر، پارێزەر و شاعیر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کتێبە نوێیەکەی "هەوری مات" لە بنچینەدا لە دوو پڕۆژە یان دوو کتێبی بچکۆڵانەی سەربەخۆی لەخۆ گرتووە، کە لێرەدا وا پێویستی کردووە لە دوو توێی کتێبێکدا بەیەکەوە کۆ بکرێنەوە.

شاعیر دەڵێت: "شیعرەکانی ناو ئەم کتێبە بەپێی بارودۆخی هەر تێکستێک هەوڵ دراوە جیاوازی دروست بکەن، هەم لە دەربڕین و دونیابینی، هەم لە مانا و تەکنیک و فۆڕمی داڕشتن، وەک مێژووش بەرواری نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2019 وە 2021 بۆ 2023، بەشێکی زۆر لە شیعرەکان نوێن و ئێستا بۆ یەکەمین جارە بڵاو دەکرێنەوە". تەنیا بەشێکی کەم لە شیعرەکان نەبێت کەوا بە پچڕ پچڕی لێرەولەوێ هەندێکیان پێشتر لە ماڵپەڕەکان بڵاو بوونەتەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی شیعرەکان شاعیر گوتیشی: "رەنگە کەمێک قورس بێت ئێمە بتوانین ناوەڕۆکی شیعر لە چەند دیمەن و سات و دیاردەیەکی دیاریکراودا قەتیس و بچووک بکەینەوە، چونکە شیعر هەر خۆی هێزێکی رامنەکراوە، بەپێی سەردەمە جیاوازەکان بەردەوام بە دوای مانا و شیکاری نوێدا دەگەڕێت". تەنیا شتێک ئەوەیە ئەم کتێبە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ ئەوە بووە هەر دالێک گوزارشت بێت لە چەندین دال و مەدلوولی جیا جیا تا خوێنەری قووڵ و وردبین ئاوێتەی خۆی بکات و بیکات بە بەشێک لە مانای تێکستەکە.

ئیسماعیل سابیر لە شاعیرانی نوێی هەولێرە، پێشتریش  کتێبێکی تری بە ناوی (سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە) بڵاو کردووەتەوە.