دوو کتێبی نوێ لە بواری میدیا و راگەیاندنی کوردی کەوتنە بەردیدی خوێنەران

K24 - هەولێر

دوو کتێبی نوێی بەرهەمی نووسینەکانی، دکتۆر بەهات حەسیب قەرەداغی، لە دووبەرگی جیاواز کەوتنە بەردیدی خوێنەران، کە ناوەڕۆکی هەردوو کتێبەکە پەیوەستن بە بوارو کاری میدیای کوردی.

هەفتەی رابردوو دوو کتێبی نوێی بە ناونیشانەکانی (میدیای کوردی لە رۆشنگەرییەوە بەرەو کوێ؟!)، کە ناوەڕۆکەکەی خوێندنەوەو چەندین توێژینەوەو لێکدانەوەی زانستیانەی بۆ کایەی میدیای کوردی لەخۆگرتووە. کتێبی دووەمیش بەناونیشانی (میدیای کوردی شوناس و کارامەیی و نەرمەهێز)، ئەمەش چەند توێژینەوەی زانستیی هاوبەشی نووسەرو پسپۆرانی هاوپیشەی لەخۆگرتووە، هەردوو کتێبەکە ناوەڕۆکانیان پەیوەستن بە کاری میدیایی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە میدیاکانی ناوچەکە و جیهان.

نووسەر، لە کتێبی (میدیای کوردی لە رۆشنگەرییەوە بەرەو کوێ؟!)، بەشێک لە توێژینەوە و وتارەکانی لە باری خوێندنەوەیەکی رەخنەییانە بۆ دیوە تاریکەکەی میدیای کوردی لە بەرگی کتێبێکدا کۆکردووەتەوە و چاپ و پەخشکردووە.

ئێستا هەردوو کتێبە نوێیەکەی بەها حەسیب قەرەداغی لە کتێب فرۆشییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەست بۆ ئەو خوێنەرو توێژەرانەی خوازیاری خوێندنەوەن، هەروەها بۆ قوتابیانی بەشە جیاوازەکانی راگەیاندن و میدیا سوودی دەبێت، بە تایبەت بۆ ئەوانەی پێویستیان بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو هەیە بۆ ئامادەکردنی راپۆرت، سیمنار و توێژینەوەی دەرچوون لە کۆلیژ و پەیمانگەکان.