غه‌ززه‌.. لە 24 كاتژمێری رابردوودا پێنج وڵات هاوكارییەكانی بۆ ئۆنروا راگرتووە

دیمه‌نێكی وێرانكاری غه‌ززه‌ / وێنه‌: AP
دیمه‌نێكی وێرانكاری غه‌ززه‌ / وێنه‌: AP

K24 - هەولێر: 

هەریەك لە ئەمه‌ریكا، كەنەدا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فینلەند هاوكارییە داراییەكانیان بۆ ئاژانسی كار و هاوكاری ئاوارە فەڵەستینیەكان راگرتووە.

هۆكاری راگرتنی هاوكارییەكان، بەشداریكردنی ژمارەیەك لەو هاووڵاتیە فەڵەستینیانەیە لە هێرشەكەی 7ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی سەر ئیسرائیل.

نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوەیەكگرتوەكان، رەخنەی توندی لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و رایگەیاند، شەرمەزارییە پارە بدرێتە خەڵكی فەڵەستین و دواتر هەر ئەو فەڵەستینیانە لە ناو بزووتنەوەی حەماس هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل و ژن و منداڵ و خەڵكی سڤیل بكوژن.

ئۆنروا ئاژانسی هاوكاری ئاوارە فەڵەستینیەكانە و ساڵانە یەك ملیار دۆلاری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پێدەدرێت. ئەمه‌ریكا بە 344 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەكەمی وڵاتانی بەخشەر دێت.

لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 بارمتەش دەستبەسەرکران کە تاكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسه‌ر غەززە بۆ زیاتر لە 26 هەزار کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 64 هەزار کەسیش بریندار بوونه‌.