ئەم وەرزە بۆ باڵدی كۆتایی هات

ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری لای چەپی یانەی بارسێلۆنا
ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری لای چەپی یانەی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا هەواڵێكی ناخۆشی بۆ هاندەرانی راگەیاند و یەكێك لە ئەستێرەكانی بە درێژایی ئەم وەرزە لەدەست دا و زەحمەتە بتوانێت بەشداریی لە یۆرۆی 2024ـیش بكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 27 جەنیوەری 2024، ماڵپەری فەرمی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو پێكانەی ئەلیخاندرۆ باڵدی لە چارەكی كۆتایی جامی شا بەرامبەر ئاتڵێتیك بلباو تووشی بوو دەبێت نەشتەرگەرییەكی لە فنلەندا بۆ بكرێت.
بارسێلۆنا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەم وەرزە بۆ ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری باڵی چەپی یانەکەیان کۆتایی هاتووە و لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەیش بەیاننامەیەكی دیكە بڵاودەكەینەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی ئیسپانیا بە تایبەت سەرچاوەکانی نزیک لەو یانەیە بڵاویان کردووەتەوە، ئەستەمە باڵدێ بتوانێت بەشداری یۆرۆی داهاتووش بکات، کە بڕیارە مانگی شەشی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا بکرێت.
باڵدی تەمەن 20 ساڵ، لە یانەی بارسێلۆنا پێگەیشتووە، ئێستا نرخی لە بۆرسەی یاریزانان 50 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستەكەی لە 2028 لەگەڵ بارسێلۆنا كۆتایی دێت، تا ئێستا لەگەڵ تیپی یەكەمی بارسا بەشداریی لە 79 یاریی كردووە 2 گۆڵ و 8 ئاسیستی هەیە.

ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری لای چەپی بارسێلۆنا
ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری لای چەپی بارسێلۆنا