باشاک دەمیرتاش لە ئیستانبوڵ دەم پارتی و جەهەپە لە هاوپەیمانەوە دەکاتە رکابەری یەکتر؟

باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش
باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش

K24 – هەولێر:

کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا گەرمتردەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەم پارتی کاندیدەکانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکان رادەگەیەنێت و خۆکاندیدکردنی هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە ئیستانبوڵیش پەرەسەندنێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان دەم پارتی و جەهەپە.

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، رۆژی 29ی ئەم مانگە کاندیدانیان بۆ شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە دیاربەکر رادەگەیەنن. ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی جەماوەریی بۆ دیاریکردنی کاندیدانی حزبەکەیان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی بووە و کۆتاییان پێهاتووە، لە نزیکترین کاتدا بڕیاری خۆیان لەبارەی پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا و بەتایبەتی ئیستانبوڵ رادەگەیەنن.

هاوکات پرسی خۆکاندیدکردنی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ بووەتە گفتوگۆی گەرمی نێو سەرکردایەتی دەم پارتی و لە ئەگەری کاندیدکردنیشی ئەوا، گفتوگۆکانی نێوان دەم پارتی و جەهەپە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانی لە ئیستانبوڵ شکستدەهێنێت و ئەو دوو پارتە دەبنە رکابەری یەکتر.

لەلایەن خۆیەوە، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی خۆکاندیدکردنی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری بەندکراوی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، باشاک دەمیرتاش هاوخەباتیانە و ئەگەر بیەوێت لە پارتێک دەست بە سیاسەت بکات و بێتە نێو سیاسەت بێگومان لە دەم پارتیی دەبێت.

هەروەها گوتەبێژەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا پرسی کاندیدکردنی باشاک دەمیرتاش لە ئیستانبوڵ لە دەستەی بەڕێوەبردنی پارتەکەیان یەکلایی نەکراوەتەوە و گفتوگۆکانیان بەردەوامن لەسەر شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ئیستانبوڵ و چەند شارێکی دیکە.

هاوکات پارتی مەملەکەت بەهۆی نزیکیی لەگەڵ دەم پارتی، رەتیکردەوە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ جەهەپە پێکبهێنێت و بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات.

موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنگی بە پڕۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ داوە و لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نزیکبووەتەوە، بۆیە بریاریانداوە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەو پارتە نەبەستن و بە کاندیدی خۆیان بەشداری لەهەڵبژاردنەکان دەکەن.

شرۆڤەکارانی سیاسی هەروەها دەڵێن کە پارتی دیم لەسەر دوو پرس ڕێگاکانی سازشکردن لەگەڵ جەهەپە تاوتوێ دەکات و ئەگەر زۆر بێت کاندیدەکەی پیشان نادات.

لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان جەهەپە و پارتی دیموکرات بەردەوامە و دەم پارتیش بۆ راگەیاندنی بڕیاری کۆتایی خۆی گفتوگۆ دەکات لەبارەی هەڵوێستی جەهەپە لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا.

یوکسێل گێنچ، توێژەری سیاسیی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ کورد چیتر گرنگ نییە جەهەپە چی دەڵێت، ئەوەی بۆ کورد گرنگە جەهەپە چی دەکات، دەبێت ئێسیا جەهەپە بەڕوونی ئاشکرای بکات، هەڵوێستی چی دەبێت ئەگەر جارێکی دیکە قەیومەکان لە شوێنی سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی دانران و لەبری تەنیا قسەکردن با باسی هەنگاوەکانیان بکەن.

بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوانیان، دەم پارتی کاندیدی خۆی لە ئیستانبوڵ رانەگەیاندووە و جەهەپەش لە دیاربەکرد تاوەکو ئێستا کاندیدی خۆی ئاشکرا نەکردووە و شێخ مووس داغان، یەکێک لە سەرکردەکانی جەهەپە بۆ کوردستان24 باسی لەوەکرد، ئەوان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گفتوگۆنیان دەکەن لەگەڵ دەم پارتی و دوای ئەوە کاندیدەکانیان لەو شارەوانییانەی تا ئێستا ماون پێش کۆتایی ئەم مانگە رادەگەیەنن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

هەردوو پاتی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە تورکیا بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ـیش پێکەوە بەشداری بکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەرێگەیەی پێشتر رایانگەیاندووە، ئاکپارتی لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەیەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کە هەردوو شارەوانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەرامبەر جەهەپە دۆڕاند.

ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.