هەرتاکێکی عێراق ساڵانە 120 کیلۆ خۆراک بە فیڕۆ دەدات

K24 - هەولێر

تاکی عێراقی ساڵانە نزیکەی 120 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات و کۆی گشتی بەفیڕۆدانی ساڵانەی هاووڵاتییان لە عێراق دەگاتە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە لە ریزی ئەو وڵاتانەبێت کە زۆرترین خۆراک لە جیهان بەفیڕۆ دەدەن.

سوهەیل حەردان، چێشتلێنەرێکە کە تایبەتە بە ئامادەکردنی خواردن بۆ بۆنە کۆمەڵایەتییە گەورەکان، وەکو ئاهەنگی هاوسەرگیری و پرسە و کۆنفرانسی کاندیدەکانی هەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی "عەرەبی جەدیدی" راگەیاندووە، "گونجاو نییە خواردن بۆ ئاهەنگێک لە عێراق ئامادەبکرێت لەکاتێکدا پێشوەختە پلانی بۆ دانەنرێت"، بۆیە ناتوانرێت بەفیڕۆدانی خواردنی زیادە کۆنتڕۆڵبکرێت.

عەبدولسەلام ئەلموحەممەداوی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی ئەلبومحەمەد لە بەغدا، بەهەمان پێگەی راگەیاند، هۆکاری ئامادەکردنی خۆراکی زیاد لە پێویست لە بۆنە تایبەتەکاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو داب و نەریتانەی کە ناتوانن خۆیان لەو کردەیە بەدوور بگرن، هەرچەندە ئێمە باش ئاگاداری زیان و مەترسییەکانین، دەشڵێت: ئەو خێزانانەی کە خواردنێکی زۆر ئامادە دەکەن لە ئاهەنگەکانیاندا هەوڵ دەدەن تا ئەوپەڕی توانا خۆیان بەدووربگرن لە فڕێدانی خواردنی زیادە و دابەشکردنی بەسەر خێزانە هەژارەکاندا.

دەسەڵاتدارانی فەرمی هەوڵدەدەن کۆتایی بە بەفیڕۆدانی خۆراک بهێنن. مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی پلاندانان داوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوەی پاشەڕۆی خۆراک و هاندانی دووبارە دابەشکردنەوە و ڕیسایکلین و بەخشینی کرد، داوای کردبوو بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ و پیشەسازی بەردەوام و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و باشترکردنی خۆراک و بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک.

فیراس عیسا، توێژەری کۆمەڵایەتی، گوتی: "نەبوونی هۆشیاری پاڵنەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی دیاردەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق، هەروەها داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی خواردنی زیادە لە بۆنەکاندا ئامادە بکەن، تەنانەت ئەگەر پاشماوەیەکی زۆریشی هەبێت، ئەمە بە تایبەتی لە لادێکان روودەدات".

بەفیڕۆدانی خواردن کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری و ژینگەدا هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە ئابووری عێراق لاوازە، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتییە کە لەو کۆتاییانە دەرچووە. هەروەها بەپێی راپۆرتێکی ئەم دواییەی بانکی نێودەوڵەتی کە ئابووری عێراق پشت بە سەرچاوە نەوتییەکان دەبەستێت، پۆلێن دەکات و ژینگەی عێراقی بە "کارەساتبار لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی بە بیابانبوون و وشکەساڵی و نەبوونی رێوشوێن بۆ یارمەتیدانی باشترکردنی ژینگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی وەسف کردووە.

ئەحمەد عەباس، شارەزای ژینگە، رایگەیاند: "کاتێک خۆراک فڕێدەدرێتە شوێنی پاشماوەکان، ئەوە پاشماوەکان میسان بەرهەم دەهێنێت، کە یەکێکە لەو گازانەی کە بەشدارن لە گۆڕانی کەشوهەوادا، گوتیشی: بەرهەمهێنانی خۆراک سەرچاوەیەکی سروشتی گەورە بەکاردەهێنێت وەک ئاو و زەوی کشتوکاڵی و وزە، بۆیە کاتێک خۆراک بەفیڕۆ دەچێت، ئەم سەرچاوانە بەفیڕۆ دەدرێن و فڕێدانی خۆراک بە شێوەیەکی نەگونجاو ئاو و خاک پیس دەکات و کاریگەری لەسەر ژینگەی دەوروبەری دەکات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمەچەشنی بایۆلۆجی.