دەستەی پاراستنی ژینگە: رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە رایگەیاند، لەگەڵ هەبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پلان هەیە بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی خۆگونجاندن لە لیژنەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پلانی خۆگونجاندن دادەنرێت، پلانمان هەیە بۆ زیاتر گرنگیدان بە سەوزایی، هەم ئەوەی کە پەیوەندی بە پارک و باخچە و باخچەکانەوە هەیە بەتایبەتی کە تەرخان کراون بۆ سەوزایی و هێشتا نەکراون، هەروەها چاندنی دار لەدەرەوەی شار واتە دارستانی دەستکرد، ئەوەی کە پەیوەیندی بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە هەیە، ئێمە لەو چوارچێوەدا پلانمان هەیە سەوزایی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "ئێمە وەکو دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە کاتی رەزامەندیدانمان بۆ هەر پڕۆژەیەک، پێویستە خاوەنی پڕۆژە پابەند بێت بە تەرخانکردنی 25% رووبەرەکەی بۆ سەوزایی، لە حاڵەتێکدا ئەو پڕۆژانەی کە رەزامەندی وەردەگرن، لە فەرمانگەی دەستەی ژینگە لە پارێزگاکاندا تێنەپەڕیون بۆ وەرگرتنی رەزامەندی یا مۆڵەت نوێ دەکەنەوە، ئێمە پابەندییان دەکەین بەو رێژە سەوزاییەی کە دیاری کراوە، بەڵام کە دەبینی شوێنیان نەماوە یاخود هەمووی کراوە بە پڕۆژەو زەوی، ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە لە بری سەوزکردن، ئەو سەوزاییەی کە پێویست بوو بیکات لە ئەنجامی ئەو پڕۆژەی کە بیکات و نەیکردووە، لەشوێنێکی دیکە بە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین".

عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو کە هەماهەنگیان هەیە لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و ئەوقاف بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی زیاد بکەن لە قوتابخانەو بنکە تەندروستییەکان کە لەبەر نەبوونی دارایی نەیانتوانیوە رووبەری سەوازایی بۆ ئەو ناوەندی خوێندنە یاخود بنکە تەندروستییانە بکەن، ئێمە بۆیان دەکەین لەرێگای ئەو کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژانەوە.

راشیگەیاند، هەڵمەتێکیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێرەوە ئەنجامدراوە، بۆ زیاد کردنی رێژەی سەوزای لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکان.