ئامانج رەحیم: بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێککەوتووین

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێککەوتوون. دەشڵێت، هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە کۆکن.  

ئەمڕۆ یەكشەممە، 28-01-2024، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا و هەولێر، لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی عێراق هەمواربکرێتەوە".

ئامانج رەحیم گوتی، "بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێککەوتووین. چاوەڕوانیمان ئەوەیە دانیشتنی دووەمی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بکرێت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بە جۆرێک ئەو لەمپەرانەی لە ماددەکانی 11،12، 13 و 14ـدا هەن و رێگرن لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان؛ لاببرێن".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، "هەردوو دیوانی چاودێریی عێراق و هەرێمی کوردستان  راپۆرتێکی هاوبەشەیان لەبارەی میلاکی گشتیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی مووچەخۆران، بڕی ئەو مووچەیەی پێویستە هەرێم وەریبگرێت؛ پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقییان کردووە و کارەکانیان تەواو کردووە".  

ئامانج رەحیم جەختیکردەوە، "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. وەکو شاندی دانوستاندکار، هەوڵمانداوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەینە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی".