لە چەمچەماڵ بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر هەولێر خۆپیشاندان دەکرێت

ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دوای بۆردوومانەکە
ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دوای بۆردوومانەکە

K24 - هەولێر

سبەی لە چەمچەماڵ بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندانێکی فراوان دەکرێت.

سبەی دووشەممە، 29-01-2024، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی، خەڵکی چەمچەماڵ، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندانێکی فراوان ئەنجام دەدات.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون، بەڕێوەچوو.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".