دژەتیرۆری کوردستان: هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان
لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان

K24 - هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان هەواڵی ژمارەیەک میدیا و کەناڵی سەر بە میلیشیاکان و بەشێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

لە راگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستاندا هاتووە: "ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2024، لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی راگەیاندنی سەر بە میلیشیاکان وا بڵاوکرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هاوکات لە ژمارەیەک کەناڵی ناوخۆییش کە زۆر تامەزرۆی راستیی لێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە و بەدواداچوونی میدیایی، ئەو هەواڵەیان بڵاو کردەوە".

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندووە: ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە میدیا عێراقییەکان، لە سەرچاوەکانی گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانیان گواستووەتەوە و بەشێک لە کەناڵە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستانیش بڵاویان کردەوە کە گوایە ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی لێیە، بەڵام دواتر دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.