چەکدارە هێرشکەرەکانی ئیستانبۆڵ دەستگیرکران

کڵێسای سانتا ماریا - ئیستانبۆڵ
کڵێسای سانتا ماریا - ئیستانبۆڵ

K24 – هەولێر

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی ئەو دوو چەکدارەی راگەیاند، کە دوێنێ لە ناوچەی ساریەری ئیستانبۆڵ هێرشیانکردە سەر کڵێسایەک و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراو

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، ئەو دوو چەکدارەی دەستگیرکراون سەر بە رێکخراوی داعشن، یەكێکیان بە رەچەڵەک رووسییە و ئەوەی دیکەیش خەڵکی تاجیکستانە.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر سێ ناوچە 47 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە.

دوێنێ یەکشەممە (28ی کانوونی دووەمی 2024) لە ناوچەی ساریەری ئیستانبوڵ لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی قوداسی رۆژی یەکشەممە، دوو کەسی چەکدار هێرشیان کردووە سەر کڵێسای سانتا ماریا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکیش برینداربوون.

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە رایگەیاندبوو، هیچ کاتێک رێگە نادەن یەکگرتوویی و ئاشتەوایی پێکهاتەکان لە شوێنە ئایینییەکان بکرێتە ئامانج.