هێرشەکەی سەر تاوەر-22 لەنێوخۆی ئەمەریکادا کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە

هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24  - هەولێر

هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی خوێناویترین هێرش لە چەند ساڵی رابردوودا بوونەوە. بایدنیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازییان لە سەر سنووری ئوردن-سووریا سێ سەربازییان کوژراون، لانیکەم 34 سەربازی دیکەشیان برینداربوون، کە هەشتیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی دەرەوەی ئوردن کراون.

دوا بەدوای هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر-22 لەسەر سنووری ئوردن-سووریا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی توندیان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازەکانیان دەبێت.

هاوکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریین لەسەر هێرشەکە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانیشی بەدەستهەبوون لە هێرشەکانی سەر ئەمەریکا تۆمەتبار کرد.

لە درێژەی کاردانەوەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمەریکییەکەدا؛ مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا داوایکرد، واشنتن پەیامێکی روون بە جیهان بدات بەوەی هێرشکردنەسەریان چاوپۆشی لێ ناکرێت.

لە لایەکی دیکەوە هەریەکە لە لیندسی گراهام، تۆم کوتون و جۆن کۆرنین کۆنگرێسمانی ئەمەریکا داوا لە ئیدارەی جۆو بایدن دەکەن، لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازەکەیان، هێرش بکاتە سەر ئێران و گورزی سەربازیی لێ بوەشێنێت.

لای خۆیەوە حکومەتی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی سەر تاوەر-22ی بە "تیرۆریستی" ناوبرد. ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی لە ئوردنن "هاوکاری عەممان دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان".

لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 160 جار بنکەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە، بەڵام لە هیچ یەکێک لەو هێرشانە سەربازی ئەمەریکی نەکوژراون. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کوژرانی ئەو سەربازە ئەمەریکییانە، ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بباتە قۆناغێکی نوێیەوە.