شرۆڤەکارێکی سیاسی: چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا کاردانەوەی توندی هەبێت

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا کاردانەوەی توندی بەرامبەر هێرشەکەی شەوی رابردوو هەبێت کە سێ سەربازی کوژرا.

هێرش پالانی، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە کاردانەوەی ئەمەریکا رەوشەکە زۆرتر بگۆڕێت، دەشڵێت: لەماوەکانی رابردوو هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان و بە پێچەوانەوە، رەوشەکەی گەیاندووەتە ئاستێک کە لەتەقینەوە دایە.

شرۆڤەکارەکە گوتیشی: لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و هێرشەکانی سەر ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ هێڵی سووری بۆ ئێران دانا و گوتی: "یەک سەربازی ئەمەریکا بکوژرێت کاردانەوەیان زۆر توند دەبێت و ئێرانییەکان پەشیمان دەکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد لەبەر ئەوەی نزیکە هيلبژاردنە چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا کاردانەوەی هەبێت، بە تایبەت سەربازییان کوژراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو ئیدارەیە لەسەرەتادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت بەرامبەر ئێران سیاسەتێکی روونی نەبووە و زۆریش بەرگەی ئێرانی گرتووە، بەمەش ئێران زۆر پەلی هاوێشتووە، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی ناوخۆی خراپە و لەو دۆخەی ئێستاش دەترسێت.

شەوی رابردوو گرووپە چەکدارەکان هێرشێکیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە ئوردن، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ سەربازی ئەمەریکا کوژرا و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون.