ئێران: بەرەی مقاوەمە بڕیار لە ئێمە وەرناگرن

K24 - هەولێر

گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرەی مقاومە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بڕیار لە ئێمە وەرناگرن و سەربەخۆن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرەی مقاوەمە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بڕیار لە ئێمە وەرناگرن و سەربەخۆن.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن، بەهۆی بەردەوامیی شەڕی غەززە و پشتیوانیی ئەمەریکا لە ئیسرائیلە.

ناسر کەنعانی گوتیشی، وڵاتەکەی پێی وایە ئاگربەستی بەپەلە لە غەززە بوار بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا خۆش دەکات.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی بەرپرسیارەتیی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە دەخەنە ئەستۆی ئێران، دەیانەوێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە ناوچەکەدا بکەنەوە.

شەوی رابردوو گرووپە چەکدارەکان هێرشێکیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە ئوردن، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ سەربازی ئەمەریکا کوژرا و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون.