عەلی دۆڵەمەری: باشترین میکانیزم بۆ خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی جیهان دەدۆزینەوە

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا باشترین میکانیزم بۆ خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی جیهان بدۆزرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی کانوونی دووەمی 2024) عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوو تەوەری زۆر گرنگ باس کرا، یەکەمیان؛ لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بڕیارماندا باشترین میکانیزم بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بدۆزینەوە، بە تایبەت رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی جیهان، چونکە ژمارەیەکی زۆر رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە دەژین و پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گوتی: لە تەوەری دووەمی کۆنفرانسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە پڕۆسەی چاکسازی کرا، بە تایبەت کاری زۆر باش لەو پڕۆسەیەدا کراوە، ئێمەش وەکو نوێنەرایەتییەکان گوێمان لەو بەرنامەیە گرت کە تێیدا چۆن بتوانین بەشداربین لەو هەنگاوەی کابینەی نۆیەم.

رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.