ئاوات شێخ جەناب: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێککەوتووین

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، یاسای بودجە ستەمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، حکومەتی فیدراڵیش درکی بەو ستەمە کردووە و لە گفتوگۆکانی نێوانمان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە رێککەوتووین.

ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24ـی ئاشکرایکرد، ووردبینی بۆ داتا و زانیارییەکان کراوە و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانی جێبەجێکردووە.

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵیت: یاسای بودجە ستەمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، حکومەتی فیدراڵیش درکی بەو ستەمە کردووە، لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوانمان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە رێککەوتووین.

رۆژی یەكشەممە، (28ـی کانوونی دووەمی 2024) ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا و هەولێر، لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی عێراق هەمواربکرێتەوە".

ئامانج رەحیم گوتی، "بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێککەوتووین, چاوەڕوانیمان ئەوەیە دانیشتنی دووەمی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بکرێت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بە جۆرێک ئەو لەمپەرانەی لە ماددەکانی 12،11، 13 و 14ـدا هەن و رێگرن لە رەوانەکردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لاببرێن".