عەلی حوسێن: هەرێمی کوردستان هەرگیز ناکەوێتە ژێر فشاری هیچ لایەن و دەوڵەتێك

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان گرفتی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک و لایەنێک نییە، بەڵام ئەو دەوڵەت و لایەنانە هەمیشە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانیان بە هەڕشە بۆسەر خۆیان زانیوە.

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە خوێن و خەباتی قوربانیدانی خەڵکی شۆڕشگێڕ و رێبەرایتییەکی حەکیمیش کە بناغە دانەر و سەرکردایەتی ئەو ئەزموونە دەکات هاتووەتە کایەوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەپێی بنەما دەستوورییەکان و یاساییەکان مامەڵەی کردووە، ئەگەرچی زۆر جار لەسەر ئاستی عێراق پێشێلی دەستوور کراوە ئەوەی کە پەیوەستە بە مافەکانی گەلی کورد.

عەلی حوسێن، لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، پارتی وەک هێزێکی کاریگەر،  هێزێک کە تەمەنی 78 ساڵە، هاوکات رێبەرایەتییەکی گەورەی لەلایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ماوەتە، هەروەها ئەمڕۆش سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی دەکات، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیمان لەسەر شانە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، هەروەها هیچ کاتێک نەبووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و گرفت بۆ وڵاتانی دەوروبەر، هەروەها هەرێمی کوردستان هەمشە هەوڵیداوە لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ و بە لێکتێگەشتن گرفتەکان چارەسەر بکات.

عەلی حوسێن، گوتیشی: بوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، هەروەها پیشاندانی پێگەی هەرێمی کوردستان چ لەسەر ئاستی عێراق، چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی جێگەی دڵخۆشی بەشێك لە لایەن و دەوڵەتەکان نییە، چونکە پێشکەوتنەکان گرنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پیشان دەدات.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان گرفتی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک و لایەنێک نییە، بەڵام ئەو دەوڵەت و لایەنانە هەمیشە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانیان بە هەڕشە بۆسەر خۆیان زانیوە، هەر بەوەش نەوەستاوەن چەندین سیناریۆی جۆراوجۆریان دروستکردووە و چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.