کۆشکی سپی: ئەمەریکا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بۆ هێرشە درۆنییەکە دەبێت

باڵەخانەی کۆشکی سپی
باڵەخانەی کۆشکی سپی

K24 – هەولێر:

کۆشکی سپی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر سەربازانی ئەمەریکی لە ئوردن رایگەیاند، وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی دەبێت.

رۆژی دووشەممە (29ـی کانوونی دووەمی 2024) جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، "وڵاتەکەی وەڵامێکی زۆر یەکلاییکەرەوەی بۆ هێرشە درۆنییەکەی سەر سەربازانی وڵاتەکەی دەبێت کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درا".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ هەرچەندە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان، بەڵام جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە، دڵنیان لەوەی هێرشەکە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارەکانی سووریا و عێراق ئەنجامدراوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن.

هاوکات ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی گواستووەتەوە کە هۆکاری نەپێکانی درۆنەکە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە لە بنکە سەربازییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا درۆنێکی ئەمەریکی لە ئاسمان بووە و بەهۆی فڕینی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بەشێوەیەکی نزم وایانزانیوە کە درۆنەکەی خۆیانە.

رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە له‌سه‌ر سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانەی ئه‌مه‌ریكا كه‌ هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر، ده‌كه‌وێته‌ سێگۆشه‌ی سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن و لە شەڕی داعش رۆلێکی بەرچاویان هەبوو لە تێکشکاندنی چەکدارەکانی ئەو گرووپە و ئازادکردنی ناوچەکانی عێراق و سووریا کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون.

لە یەکەم کاردانەوەی دوای هێرشەکەش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردەوە کە وەڵامیان بۆ هێرشە درۆنییەکە دەبێت کە بەهۆیەوە سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن کوژران و رایگەیاند، رۆژێکی سەختیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕاندووە.

هەروەها کامیلا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن و هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە هێرشەکەی سنووری نێوان سووریا و ئوردن بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له‌كات و ساتی گونجاو وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ ده‌درێته‌وه‌ کە خۆیان دیاریدەکەن و گوتی: "له‌پێناو پاراستنی ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ته‌واوی رێككاره‌ پێویسته‌كان ده‌گرینه‌به‌ر".

لەلایەن خۆیانەوە، هەردوو سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام و جۆن کۆرنین داوایان لە جۆ بایدن کرد، دەستبەجێ بە توندی لە ئێران بدەن و تاران بە ئامانج بگرن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە پەیامێکدا راگەیاند، هێرشی سەر هێزەکانمان لە ئەستۆی بایدنە و ئەو هێرشەش لە ئەنجامی لاوازی بایدنە.