ساشا تۆپراک: ئەمەریکا نایەوێت راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران

ساشا تۆپراک، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک
ساشا تۆپراک، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک، ئاماژە بەوە دەکات، پرسی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوبردنی حەماسە. گوتیشی: ئەمەریکا نایەوێت راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.

ساشا تۆپراک، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی  کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئیدارەی بایدن زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکان دەکات بە تایبەت کە هەڵبژاردن نزیکبووە، هەروەها ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا هەوڵدەدات ململانێکان کەمبکاتەوە، نایەوێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک، دەڵێت: ئێستا سەرنجەکە لەسەر ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنی غەززە بچێتە قۆناغێکی دیکە و ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئیسرائیل دابین بکرێت و حەماس لەناوببرێت، ئەمە سیاسەتێکە جێبەجێ دەکرێت لە فەڵەستین.

ساشا تۆپراک، ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا لە ئەمەریکا کۆمارییەکان و دیموکراتەکان داوا دەکەن وەڵامێکی توندی ئێران بدرێتەوە.

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتی ترانرئەتڵەنتیک، دەشڵێت: وەڵامەکانی ئەمەریکا بە شێوازێک دەبێت کە توند دەبن و زۆر بە بەهێزی دەنێردرێت بۆ ئێران، هەروەها دەبێت ئەو پەیامە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بێت، بەڵام ئەوان لە هەمان کاتدا دەڵێن ئێمە نامانەوێت ململانێکانی ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراونتر بێت.

ساشا تۆپراک، گوتیشی: وەڵامی ئەمەریکا بۆ حووسییەکانیش لەو ئاستە نییە کە دڵخۆشکەر بێت، تەنیا 20% توانای حووسییەکانیان لە پڕ چەککردن کەمکردووەتەوە، دەبێت ئەمەریکا بە شێوازێکی توندتر وەڵامی حووسییەکان بداتەوە و توانایان کەم بکاتەوە و نەهێڵێت لە دەریای سوور بەردەوام کەشتیەکانیان بە ئامانج بگرن.