ئەپیکور داوا لە کۆنگرێس دەکات هاوکاربێت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور)
لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور)

K24 - هەولێر

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە ئەپیکور ناسراوە داوا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات هاوکاربێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد حکومەتی عێراق قایلبکات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.

ئەپیکور لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ کێشەی پێنەدانی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستان، رەوشی دارایی هەرێمەکەی رووبەڕووی مەترسیی کردووەتەوە.

ئەپیکۆر جەخت لەوەش دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمەریکا بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا کردووە، پێویستە ئەو بەرژوەندییانە بپارێزرێن.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە، به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.