خەریکە قەیرانی کۆچبەری نایاسایی شەڕێکی ناوخۆیی لە ئەمەریکا هەڵدەگیرسێنێت

خەریکە قەیرانی کۆچبەری نایاسایی شەڕێکی ناوخۆیی لە ئەمەریکا هەڵدەگیرسێنێت
خەریکە قەیرانی کۆچبەری نایاسایی شەڕێکی ناوخۆیی لە ئەمەریکا هەڵدەگیرسێنێت

K24 - هەولێر

قەیرانی کۆچبەری نایاسایی و ئاسایشی سنوور لە ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە شەڕێکی ناوخۆیی دیکە لە ئەمەریکا هەڵگیرسێنێت.

ناکۆکییەکانی ویلایەتی تێکساس و حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکا لەبارەی بەردەوامی لێشاوی پەنابەران بۆ ئەو ویلایەتە بووەتە کێشەیەکی دیکەی بەردەم ئیدارەکەی بایدن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەڵێت، بەردەوامبوونی لێشاوی پەنابەران ئەگەری کردەوەی تیرۆرستی زیاتر دەکات.

کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا گوتی، "لە دەستپێکی ئیدارەی بایدن  لە 2021 تا کۆتایی 2023 کۆچبەران زیاتر لە شەش ملیۆن و 300 هەزار جار هەوڵیانداوە سنووری ئەمەریکا ببەزێنن، لەو ژمارەیەن نزیکەی چوار ملیۆن جار لە سنووری ویلایەتی تێکساس بووە. هەروەها لە ئیدارەی بایدن نزیکەی ملیۆنێک کۆچبەر وەرگیراون".

بۆ راگرتنی لێشاوی پەنابەران، ویلایەتی تێکساس رێگری لە هێزە فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکا کرد و پاسەوانی نیشتمانی ویلایەتەکەی لەسەر سنوور جێگیرکردووە، ئەم هەوڵەی تێکساسیش لەلایەن 25 ویلایەتی دیکەی ئەمەریکا پشتیوانی لێکراوە، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە ئەمەریکا دروستکردووە.

بایدن دەڵێت، ئەگەر کۆنگرێس پڕۆژەیاسایەک لەبارەی ئاسایشی سنوور پەسند بکات، ئیدارەکەی بە زووترین کات جێبەجێی دەکات.

بایدن ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر پڕۆژەیاساکە ئەمڕۆ بکرێتە یاسا، دەستبەجێ سنوور دادەخەم و کێشەکە چارەسەر دەکەم. پڕۆژەیاسایەکەی دوو پارتەکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا دەبێت و تا سیستەمی شکستخواردووی کۆچبەران چارەسەر بکەین و رێگە بە کەسانەی شایستە بدەین بێنە ئێرە، پێویستە کۆنگرێس ئەو کارە بکات."

قەیرانی کۆچبەر و پەنابەران لە ئەمەریکا یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان، کە تا ئێستا پرۆژەیاسایەک بۆ چارەسەرکردنی پەسند نەکراوە.