پۆلیسی فیدراڵی زیاتر لە 150 کرێکاری بیانی دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر

پۆلیسی فیدراڵی لە بەغدا 157 کراێکاری بیانی دەستگیرکرد کە لە نێویاندا کوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکوور هەن.

رەشید عەلی جان، سەرۆکی رێکخراوی جان رۆژی مرۆیی بڵاوی کردەوە، پۆلیسی فیدراڵی عێراق هەڵیکوتاوەتە سەر کۆمپانیایەک لە بەغدا و 157 کرێکاری بیانی دەستگیرکردووە، کە لەنێویاندا کوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکوور هەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی دەستگیرکراون بۆ زیندانێکی کەڕادە گواستراونەتەوە و هەڕەشەی دیپۆرکردنەوەیان لەسەرە، هەروەها رێکخراوەکە داوا دەکات دەستوەردان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کرێکاران بکرێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ملیۆنێک کرێکاری بیانی بێ مۆڵەت لە عێراقدا هەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخستنی کرێکارانی بیانی سەدان هەزار هەلی کار بۆ ئەو عێراقییانە دەڕەخسێنێت کە بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن، ژمارەی کرێکارە بیانییەکان کە مۆڵەتیان پێدراوە لەلایەن وەزارەتی کارەوە نزیکەی 160 هەزار کەسە.