پەرلەمانتارانی بەلجیکا: ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

باڵەخانەی پەرلەمانی بەلجیکا
باڵەخانەی پەرلەمانی بەلجیکا

K24 - ئەوروپا

ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەلجیکا لە لیژنەی دەرەوە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی  بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگەی کوردستان24ـەوە نیگەرانی خۆیان لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕیی و رایانگەیاند، هەوڵدەدەن سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

ئێلس ڤانهۆف سەرۆکی لیژنەی دەرەوە لە پەرلەمانی بەلجیکا راگەیاند، نیگەرانن لە گرووپە تیرۆستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەڵکی بێتاوان دەکوژن، بۆیە دەیانەوێت ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت، دەشڵێت؛ سەقامگیری ناوچەکە بۆ ئەوروپاش گرنگە.

هەروەها جۆرج دالامان پەرلەمانتاری بەلجیکا ئاماژەیدا، هەوڵدەدەن لە رێگای حکومەتی بەلجیکا و وڵاتانی هاوپەیمان لە رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

لەلایەن خۆیەوە کارل ڤانلۆو سەرۆکی گەورەترین فراکیسیۆن لە پەرلەمانی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، گوتی؛ ئێران هەوڵدەدات لە بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژیی و ئاژاوە بنێتەوە، بۆیە ئێران هەرەشەیە لە سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.