سوید خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات

سوید ئامادەکارییەکان بۆ شەڕ
سوید ئامادەکارییەکان بۆ شەڕ

K24 – هەولێر

فەرمانگەی ئاسایشی گشتی سوید رایگەیاند، لە ئەگەری روودانی قەیران یاخود شەڕ رێنمایی نوێی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکەی دەرکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، رادیۆی "سڤێریجس" بڵاویکردەوە، فەرمانگەی ئاسایشی گشتی و ئامادەکاری فریاگوزاری رێنمایی نوێ و "توند" بۆ دانیشتووان دەردەکات لە ئەگەری روودانی هەر قەیرانێک یا شەڕێک.

راشیگەیاند رێنماییەکان بە ناوی "لە ئەگەری قەیران یان شەڕدا" نووسراوە. ئاماژەی بەوەشدا  کە رێنماییەکان لە چۆنییەتی کاریگەریی دۆخی ئەمنی سیاسی سوید و پەیوەندییان بە ئەگەری ئەندامێتی سوید لە ناتۆوە هەیە.

بەگوێرەی فەرمانگەی ئاسایشی گشتی سوید، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024دا وەشانێکی نوێی رێنماییەکان ئامادە دەکرێت و بەسەر سەرجەم خێزانەکاندا دابەش دەکرێت، ئاشکراشیکردووە کە وەشانی پێشووی رێنماییەکان لە ساڵی 2018دا بڵاوکراوەتەوە.

پێشتر کەناڵی SVTی سویدی بڵاویکردەوە، میکائیل بۆدین، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوید داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن و رایگەیاندووە کە رووسیا مەترسی لەسەر سوید دروستکردووە.

لە بەرامبەر ئەم لێدوانەدا دیمیتری مدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا باسی لە دابەزینی بازنەی دەسەڵات لە ئەوروپا کرد، نموونەی سویدی هێنایەوە کە بڕیاریداوە پەیوەندی بە ناتۆوە بکات و داوای شەڕ لە ڕووسیا دەکات.

لای خۆیەوە سێرگی ناریشکێن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رۆژئاوا پلانی گوماناوی رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ناتۆ رادەگەیەنێت، هەوڵیش دەدات رووسیا بترسێنێت بە ئەگەری ململانێی چەکداریی راستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانییەکە بە ئامانجی ناچارکردن مۆسکۆ بۆ دەستبەرداربوون لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت.