ئیسرائیل سێ گەنجی لە نەخۆشخانەیەکی جنین کوشت

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێکی تایبەتی ئیسرائیل سێ گەنجیان لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا، لەشاری جنین کوشت، کە دوو لە کوژراوەکان برابوون.

سەرچاوەیەک لەناو نەخۆشخانەکە بە ئاژانسەکەی راگەیاند، 10 کەس بە جلی مەدەنی هاتوونەتە ناو نەخۆشخانەکە و ئەو سێ گەنجەیان کوشتووە.

ناجی نزال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن سینا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، " بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێک دزەیان کردووەتە ناو نەخۆشخانە و لە نهۆمی سێیەمی نەخۆشخانەکە بە چەکی بێدەنگ ئەو سێ گەنجەیان کوشتووە".

ناجی گوتیشی: یەکێک لە کوژراوەکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو چارەسەر لە نەخۆشخانەکە وەردەگرێت، هەروەها نەیدەتوانی جوڵە بکات.

ناجی دەڵێت: سێ کوژراوەکان ناویان "ئەیمەن غەزاوی و محەمەد غەزاوی برای و محەمەد جەلامنە" بووە.

گوتیشی: "یەکێک لە کوژراوەکان لە نهۆمی سێیەم چارەسەری بۆ دەکرا، کە نەخۆشی نیو شەلەلی هەبوو، هەروەها براکەشی هاوکاری بووە لەنەخۆشخانە کە کوژراوە".

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کامێرایەکی نەخۆشخانەوە بڵاوکراوەتەوە کۆمەڵێک ئەندامی هێزی تایبەتی ئیسرائیل جلی فەڵەستینیان لەبەر کردووە.