بەهۆی بەفیڕۆدانی خۆراكەوە، عێراق لە داهاتوودا رووبەڕووی قەیرانی کەمی خۆراک دەبێتەوە

K24 – هەولێر:

شارەزاییەکی ئابووری ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە لە عێراق رێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بگیرێتەبەر، دوای ئەوەی عێراق لە پلەی شەشەمی جیهاندایە لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆترین خۆراک بەفیڕۆ دەدەن، لە کاتێکدا هەزاران کەس لەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان.

زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، عێراق لە پلەی شەشەمی جیهاندایە لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین خۆراک بەفیڕۆ دەدەن، بە قەبارەی ساڵانە دەگاتە 4.7 ملیۆن تۆن، سەرەڕای ئەوەی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەهێزی بەرەوپێش دەچێت لەگەڵ ئاستی بەرزی هەژاری کە لە ماوەی ساڵی 2023ـدا گەیشتە 22%.

هاشمی ئاماژەی بەوەشدا، هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی عێراق ساڵانە تا 120 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات، ئەمەش وەک دووپاتکردنەوەی لاوازی هۆشیاری تاک، کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن و دابەشکردن و بەکارهێنانی خۆراکە.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەهۆکاری بەفیڕۆدانی خۆراكەوە، عێراق لە داهاتوودا رووبەڕووی قەیرانی کەمی خۆراک دەبێتەوە.

ئەو شارەزایەی ئابووری باسی لەوەشکرد، ئەم زیادەڕۆییە لە بەفیڕۆدانی خۆراک بڕیارە دەسەڵاتی فەرمی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بەرەو پەروەردەکردنی کۆمەڵگە سەبارەت بە باشترکردنی رێگاکانی بەکارهێنانی خۆراک، ریسایکلین و رێگری لە بەفیڕۆدانی.

زیاد هاشمی، گوتیشی: جگە لە دەرکردنی یاسا و پەسەندکردنی رێکارە فەرمییەکان کە هانی بەخشینی خۆراکی زیادە و دابەشکردنی دەدات لە رێگەی دەزگا تایبەتمەندەکانەوە کە پاڵپشتی چینە هەژارەکان دەکەن، ئەم رێکارەش یارمەتیدەر دەبێت لە هەنگاونان بەرەو هاوسەنگی کۆمەڵایەتی.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، باشترین هۆکار بۆ رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی خۆراک، جێبەجێکردنی ستاندارتی تایبەتە بۆ ناوەندەکانی فرۆشتنی خۆراک، چێشتخانەکان، هاوکات سەپاندنی سزا و پێبژاردن لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئەو شوێنانە.