ئەمەریکا: دەبێت حکومەتی عێراق ئەو لایەنانە سزا بدات کە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانمان

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوکارە لە حکومەتی عێراق، هەنگاوی جیددی بنێت بۆ بەرپرسیاردانانی هەر کەسیك کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت حکومەتی عێراق کاری زیاتر بکات بۆ بە بەرپرسیاردانان، لێکۆڵینەوە، دەستگیرکردن و سزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریش دەدات، ئەمەریکا  خۆشی هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە ناوچەکە دەگرێتەبەر.

ماتیو میللەر، داواش دەکات حکومەتی عێراقی هەنگاو بگرێتەبەر بۆ بە بەرپرسیاردانانی هەر کەسێک کە پشتیوانی لە تیرۆر و هاوکاری داراییان پێشکەش دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاكو ئێستا، زیاتر له‌ 160 هێرش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون و لەو ماوەیدا زیاتر لە 120 سەربازیان برینداربوون و سێ سه‌ربازیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئەمەریکا زۆر بەڕوونی ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن گرووپە ملیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، و ئێرانیش بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام نایانەوێت جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراونتر بێت، ئەگەرچی هەرکاتێک هەڕەشە بکەوێتە سەر هێزەکانیان لە کات و شوێنێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.