وەزارەتی بەرگری تورکیا: ساڵی رابردوو 23 هەزار و 500 ئۆپراسیۆنمان دژی پەکەکە ئەنجامداوە

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان فۆتۆ: AA
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تورکیا کوشتنی دوو چەکداری یەپەگەی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و عەلی یەرلیکایای وەزیری ناوخۆی تورکیاش رایگەیاندبوو، لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 23 هەزار و 500 ئۆپراسیۆن لە دژی پەکەکە ئەنجامدراوە.

رۆژی (30ـی کانوونی دووەمی 2024) لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، دوو چەکداری یەپەگە لە ناوچەکانی قەڵغانی فورات و کانیاوی ئاشتی کوژراون. لەراگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تا یەک چەکداری پەکەکە و یەپەگە مابێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوام دەبێت.

هەروەها لەلایەن خۆیەوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 23 هەزار و 500 ئۆپراسیۆنی سەربازییان لە دژی پەکەکە ئەنجامدراوە.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، لە ساڵی 2023، سوپای تورکیا 23 هەزار و 593 ئۆپراسیۆنی سەربازییان لە پارێزگاکان و دەورووبەری پارێزگاکان لە دژی پەکەکە ئەنجامدراوە کە سێ هەزار و 911ـیان لەناوەندی پارێزگاکان بووە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردووەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەدا 923 ئەندامی پەکەکە کوژراون، حەوت هەزار و 716 گومانلێکراو دەستگیرکراون و لەوانە هەزار و 555ـیان سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، عەلی یەرلیکایا، جگە لە پەکەکە، 6775 ئۆپراسیۆن لە دژی گوڵەنییەکان ئەنجامداوە، لەگەڵ 1500 ئۆپراسیۆن لە دژی داعش و 358 ئۆپراسیۆنیش لەدژی پارتە چەپڕەوەکان کراوە.