بایدن ئامادەی رێوڕەسمی گەڕاندنەوە رووفاتی سێ سەربازە ئەمەریکییەکە دەبێت

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی رووفاتی سەربازە ئەمەریکییەکان دەگەڕێندرێتەوە و سەرۆک بایدن لە رێوڕەسمی پێشوازیان ئامادە دەبێت.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێ؛ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە گەڕانەوەی لە گەشتەکەی فلۆریدا، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چوو بوو، خانەوادەی سێ سەربازە ئەمەریکییەکەی بەسەرکردەوە، ئەمەش وەک دڵنیاییەک و گەیاندنی پەیامی تۆڵە سەندنەوەی خوێنی ئەو سێ سەربازە، کە لە هێرشێکی درۆنی لە بنکەی تاوەر 22 لە سەر سنووری ئوردن – سووریا کوژراون و ژمارەیەک سەربازی دیکەش برینداربوون.

جۆن کێربی ئاشکرایکردووە، رۆژی هەینی سەرۆک بایدن لە بنکەی ئاسمانی دۆڤەر ئامادەی رێوڕەسمی پێشوازی گەڕاندنەوەی رووفاتی سێ سەربازەکان دەکات.

دەربارەی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر 22، کێربی رایگەیاندووە، به‌شێوازێكی گونجاو وه‌ڵامی هێرشی سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌ ئوردن ده‌ده‌نه‌وه‌، بەڵام هه‌وڵ ناده‌ن جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵبگیرسێنن.

 لەلایەن خۆیەوە سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، میچ ماکۆنێل رایگەیاندووە، تەواوی جیهان چاوەڕوانن، ئایا سەرۆک بایدن دواجار بڕیاردەدات لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە ئێران ناچار دەکات رەفتارەکانی بگۆڕێت.