مالیزیا پاشایەکی نوێی بۆ وڵاتەکەی دانا

مالیزیا هەڵبژاردنی پاشایەکی نوێ
مالیزیا هەڵبژاردنی پاشایەکی نوێ

K24 – هەولێر

مالیزیا لە رێوڕەسمێکدا لە ویلایەتی جۆهۆر لە باشووری ئەو وڵاتە پاشایەکی نوێی دیاری کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە،31ـی کانوونی دووەمی 2024، کۆشکی سوڵتان رایگەیاند، سوڵتان ئیبراهیمی ویلایەتی جۆهور لە باشووری وڵاتەکەی وەک پاشای نوێی مالیزیا دیاری کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆشکی نیشتمانی لە کوالالامپور سوێندی یاسای خوارد.

ئەوەش خرایەڕوو، رۆڵی پاشا لە مالیزیا رێوڕەسمییە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا کاریگەرییەکەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش دوای ئەوەی دەستیانکردووە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەڵبژاردن، کە بە دەگمەن بەکاردەهێنرێن، بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری سیاسی.

سوڵتان ئیبراهیم (65 ساڵ)، شوێنی سوڵتان عەبدوڵڵا سوڵتان ئەحمەد شا دەگرێتەوە. کە دوای تەواوکردنی دەسەڵاتی پێنج ساڵەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی ویلایەتی پەهانگی زێدی خۆی.

مالیزیا شێوازێکی ناوازەی دەسەڵاتی پاشایەتی پراکتیزە دەکات، کە نۆ سوڵتانی وڵاتەکە بە یەکەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئەوەی هەر پێنج ساڵ جارێک پۆستی پاشا وەربگرن. پاشا لەسەرووی سیاسەت سەیر دەکرێت، بەڵام سوڵتان ئیبراهیم بە راشکاوی و کەسایەتی بەهێز ناسراوە، زۆرجاریش قورسایی لەسەر پرسە سیاسییەکانی مالیزیادا هەبووە.