دادگای پاکستان دووەمین سزای زیندانیکردن بەسەر عیمران خان دەسەپێنێت

عیمران خان و هاوسەرەکەی سزای 14 ساڵ زیندانیان بۆ دەرکرا
عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و بووشرە بیبی هاوسەری
عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و بووشرە بیبی هاوسەری

K24 - هەولێر

دادگای پاکستان ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە (31ی کانوونی دووەمی 2024) سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر عیمران خانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە و هاوسەرەکەیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتدا پۆستەکەیان بۆ وەرگرتنی دیاری قۆزتۆتەوە.

بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا و دەرکردنی سزای 14 ساڵ زیندانیکردن، تەنیا یەک رۆژ لە دوای سەپاندنی بڕیاری 10 زیندانی بە سەر عیمران خان دێت، بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیارییەکانی دەوڵەت، بەڵام دادگای پاکستان روونی نەکردووەتەوە، ئایا هەردوو سزاکەی عیمران خان لە یەک کاتدا جێبەجێ دەکرێن یان لەدوای یەک دەبێت.

دادگاییکردنی عیمران خان لە زینداندا بەڕێوەچووە لە کاتێکدا تەنیا یەک هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسیە هەڵبژارنی گشتی لە پاکستان.

هەروەها بووشرە بیبی، هاوسەری عیمران خان، دوای ئامادەبوونی لە بەردەم دادوەر و خوێندنەوەی بڕیاری دادگا، گەڕاندراوەتەوە بۆ زیندانەکەی.

عیمران خان لە ساڵی 2018 بەر لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی پاکستان ژیانی هاوسەری لەگەڵ بووشرە پێکهێناوە، کە سێیەمین هاوسەری عیمران خانە.

عیمران خان لە ساڵی 2018 تاوەکوو 2022 سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو، بەڵام دوای لە دەستدانی پشتیوانی سەربازی لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەی متمانەی لێوەرگیرایەوەو لە ئایاری 2023، بەتۆمەتی گەندەڵی و چەند دۆسیەیەکی دیکە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، دواجار رۆژی سێشەممە (29ی کانوونی دووەمی 2024) دادگای باڵای پاکستان سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ هەر یەک لە عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشوو و شا مەحموود قوڕەیشی وەزیری پێشووی دەرەوەی پاکستان دەرکرد، بە تاوانی دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکانی حکومەت.