چین هاوردەکردنی ئاژەڵی لە عێراقەوە قەدەغەکرد

K24 - هەولێر

چین هاوردەکردنی ئاژەڵی لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی قەدەغەکرد، ئەمەش بەهۆی نەخۆشیی "زمانی شین" کە تووشی ئاژەڵە زیندووەکان دەبێت، لەنێویاندا مەڕ و مانگا بەگشتی.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوکردووەتەوە، لە راگەیاندراوێکی ئیدارەی گشتی گومرگی چینی کە لە 26ـی ئەم مانگەدا دەرچووە، هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندووی لەعێراق قەدەغە کردووە، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی نەخۆشیەکە دێت لەنێو ئاژەڵان، کە عێراق راپۆرتێکی بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاژەڵان لەوبارەوە کردووە.

نەخۆشی زمانی شین نەخۆشییەکی پەتایە کە تووشی مەڕ و مانگا دەبێت و کە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت، لە رێگەی مێرووەکانەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها رێژەی تووشبوونی ئەم نەخۆشیە لە مانگا زۆر کەمە بەراورد بە مەڕ، هەروەها رێژەی مردنیش کەمە کاتێک ئاژەڵەکان چارەسەر و چاودێری گونجاو وەردەگرن، چونکە زۆربەی حاڵەتەکانی مردن لە ئەنجامی هەوکردنی لاوەکی روودەدات.

نەخۆشییەکە لە مانگاکاندا بە شێوەیەکی شاراوە دەردەکەوێت و نیشانەکان سووکترن وەک لە مەڕەکان و ماوەی هەوکردنەکە 6 تا 8 رۆژە.