هەژموونی گرووپە چەکدارەکان عێراقی کردووە بە یەکێک لە نائارامترین وڵاتانی ناوچەکە

گرووپە چەکدارەکانی عێراق
گرووپە چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق داوای کەمکردنەوەی توندوتژییەکانی ناوچەکەدا دەکات، لەکاتێکدا بەهۆی هەبوونی دەیان گرووپی چەکداری جیاوازەوە؛ عێراق خۆی یەکێک لە نائارامترین وڵاتی ناوچەکە. 

عێراق داوای کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی ناوچەکە دەکات، لە کاتێکدا خۆی بووە بە مۆڵگەی دەیان گرووپی چەکداری جیاواز و رۆژ نییە بنکەیەکی سەربازیی، یاخود ژێرخانێک لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەئامانج نەگیرێت.

حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کورژانی سێ سەربازی ئەمەریکی لە ئوردن بڵاوکردووەتەوە و تیایدا، پێشهاتەکان بە مەترسیدار ناودەبات، هەروەها داوای رێگریکردنی لە فراوانبوونی توندوتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئەم راگەیەندراوەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، وڵاتەکە خودی خۆی لێنوان لێوە لە نائارامی سیاسی و ئەمنی، بەجۆرێک نزیکەی 80 گرووپی چەکداری تێیدا چالاکن کە بەشێک لە چاودێران بەدەوڵەتی قووڵ وەسفیان دەکەن، پشکیان لە حکومەتدا هەیە و خاوەن سەرمایەی گەورەن و کاری وەبەرهێنان دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان یاساکانی وڵات پشتگوێ دەخەن و خۆیان بە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت نابینن. هەروەها بەهۆی هەژموونی زۆرەکەیانەوە، کاریگەرییان لەسەر بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان هەیە.

گرووپەکان سەرباری ئەوەی بوودجە و مووچەیان لەسەر حکومەتی عێراقە، بەڵام کەم رۆژ هەیە لە رێگەی هێرشکردنەسەر پێگەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق  و تەنانەت لەوڵاتانی دیکەش، حکومەت تووشی شەرمەزاری نەکەن.

هەژموونی گرووپە چەکدارەکان عێراقی کردووە بە یەکێک لە نائارامترین وڵاتەکان لە رووی ئەمنییەوە، بەجۆرێک ماڵپەڕی ئاشتی جیهانی عێراقی لە لیستی سووری وڵاتە مەترسیدارەکان داناوە. ناوبەناویش باڵیۆزخانەی وڵاتە رۆژئاواییەکان هۆشداری بەهاوڵاتییەکانیان دەدەن خۆیان لەسەردانیکردنی عێراق بپارێزن.