شەهریار شێخلەر: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان گرنگە

K24 – هەولێر

شارەزایەکی وزە رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رووی ئیداری سیاسی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان گرنگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، شەهریار شێخلەر، شارەزا لە بواری وزە، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، من پێموایە هەرچی زووترە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، لە رووی ئیداری و تا رادەیەکیش سیاسی، بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا و عێراق گرنگە، ئەمە جگە لەوەش بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە وەبەرهێنانیان لە ناو هەرێمی کوردستان کردووە.

بەگوتەی ئەو شارەزایە: "هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بازارەکانی وزەی جیهان گرنگە، چونکە ئێستا ئەو کێشەی لە دەریایی سووردا دروستبووە، 50% خەرجی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ کەنداو وڵاتانی ئەوروپا زیادی کردووە، زۆر گرنگە کە ئەم رێڕەوەی هەرێمی کوردستان کە رێڕەوێکی بەردەستە، زیاتر لە 15 ساڵە کاری کردووە، دەتوانێت لەڕووی ستراتیژی و ئاسایشەوە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بکرێت".

شەهریار شێخلەر راشیگەیاند، ئەو کۆمپانیانەی گرێبەستێکی فەرمیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، وەک بەشێکی یاسای لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی، من پێموایە هەر بەو گرێبەستەش دەتوانین بەردەوامبین، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراقی رەخنەی لەم گرێبەستە هەیە، سێ ئۆپشن هەیە، یەکیان؛ گۆڕینی ئەم سیستەمەیە بە گۆڕینی داهات و پشکەکان. دووەم؛ دەتوانرێت ماوەیەکی کەم دابنرێت بەو ماوەیە بە گرێبەستێکی نوێ ئەوانەی پێشووتر لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە مافیان پارێزراوبکرێت. حکومەتی عێراقی یاخود هەرێم لە جۆری گرێبەستەکە لە هاوبەشی بەرهەمەوە بگۆڕێت بۆ کرینی تەکنیکەڵ.