زۆرینەی گرووپە چه‌كدارەکانی عێراق له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مەریكادان

زۆرینەی گرووپە چه‌كدارەکانی عێراق له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مەریكادان
زۆرینەی گرووپە چه‌كدارەکانی عێراق له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مەریكادان

K24 - هەولێر

وه‌ك نیازپاكی و دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ توڕه‌ییه‌كانی ئه‌مەریكا، كه‌تایبی حزبوڵڵای عێراقی بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی چالاكییه‌كانی له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا دا، بەڵام ده‌یان گرووپی چه‌كداری دیكه‌ هه‌ن هێشتا له‌به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌دا درێژه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مەریكا ده‌ده‌ن.

له ‌عێراق نزیكه‌ی 70 گرووپ و میلیشیای چه‌كدار له ‌چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا چالاكن، ئه‌م هێز و گرووپانه‌ به‌شی زۆریان له ‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا و كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراقدان. دیارترینیان خۆی له‌ پێنج گرووپ و میلیشیا ده‌بینێته‌وه‌ و سه‌رجه‌میان له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مەریكادان.

دوای ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و درێژه‌كێشانی شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس، پێشبینی ده‌كرا ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌شێكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرێته‌وه‌ و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ش په‌لكێشی شه‌ڕه‌كه‌ بكرێن‌ و زیاتر بازنه‌ی شه‌ڕه‌كه‌یان فراوان ببێت.

دوابه‌دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر تاوه‌ر 22ی نزیك له‌ سنووری ئوردن و چاوسووركردنه‌وه‌كانی ئه‌مەریكا بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی ئه‌و سێ سه‌ربازه‌ی كوژران، هێنده‌ی دیکە دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی شڵه‌ژاند و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت، گورزه‌كانی ئه‌مەریكا به‌جۆرێك بێت ته‌ڕو وشك بسووتێنێت، به‌تایبه‌تی عێراق.

بۆ خۆ دوورگرتن له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌مەریكا، كه‌تائیبی حزبوڵڵای عێراقی بڕیاریدا هێرشه‌كانی له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان له ‌عێراق و سووریا هه‌ڵپه‌سێرێت. ئه‌م هه‌ڵپه‌ساردنه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌كۆی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌ی له ‌عێراق ته‌راتێن ده‌كه‌ن و دژی ئه‌مەریكان، پێناچێت ئه‌مەریكا چاوپۆشییان لێ بكات.

ئێستا چاوی ئه‌مەریكا له‌سه‌ر پێنج له‌و گرووپانه‌یه‌ له‌وانه‌، حزبوڵڵای عێراقییه‌ كه‌ له‌ساڵی 2003 دامه‌زراوه ‌و خاوه‌نی 7 هه‌زار چه‌كداره ‌و له‌ساڵی 2009ـه‌وه‌ له ‌لیستی تیرۆری ئه‌مەریكایه‌.

یه‌كێكی دیكه‌ عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌قه‌، له‌ساڵی 2006 و دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ سوپای مه‌هدی دروستبووه‌ و ژماره‌یان 10 هه‌زار چه‌كداره و له‌ساڵی 2012ـه‌وه‌ له ‌لیستی تیرۆردایه‌‌.

بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با له ‌ساڵی 2013 دوای جیابوونه‌وه‌یان له‌ عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق بۆ شه‌ڕی سووریا دروستبووه‌، ژماره‌یان له‌نێوان 8 بۆ 10 هه‌زار چه‌كداردایه‌.

سه‌رایا خوراسانی، گرووپێكی دیكه‌ی شیعه‌یه‌ له‌ساڵی 1995 دامه‌زراوه‌، خاوه‌نی نزیكه‌ی 7 هه‌زار چه‌كداره‌ و له‌ناو حه‌شدی شه‌عبیدا كارده‌كه‌ن. 

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ گرووپه‌ دیاره‌كان كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دایه‌، له‌ساڵی 2013 بۆ پاراستنی شیعه‌كانی جیهان دامه‌زراوه‌، له‌ 4 هه‌زار چه‌كدار و 50 هه‌زار خۆبه‌خش پێكهاتوون.