پێشنیازێک بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە رادەستی حەماس کراوە

پێشنیازێک بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە رادەستی حەماس کراوە
پێشنیازێک بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە رادەستی حەماس کراوە

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەی چوارقۆڵی ئیسرائیل، ئەمەریکا، میسر و دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینی پێشنیازی ئاگربەستی لە غەززە کردووە، پێشنیازەکە رادەستی حەماس کراوە و تاوتوێی دەکەن.

بەپێی رەشنووسی ئاگربەستەکە، هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی بندەستی حەماس بەرامبەر ئازادکردنی سەد فەڵەستینی بێت.

دوای نزیکەی 120 رۆژ لە شەڕ و وێرانکاری و دەربەدەربوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، جارێکی دیکە ئاسۆی ئاگربەست لەغەززە دەرکەوت، بەڵام ئەمجارە لە پاریسەوە.

کۆبوونەوەی چوار قۆڵی، ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین لە پاریس جارێکی دیکە پرسی ئاگربەستی لە غەززە کردەوە بە باسی گەرمی رۆژ. لەوبارەیەوە میدیا رۆژئاواییەکان چەند زانیارییەکییان دەربارەی ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە بڵاوکردووەتەوە کە ئایا چۆن دەبێت و چەندێک درێژە دەکێشێت.

بەپێی زانیارییەکان، ئاگربەستەکە بەشێوەی رێژەیی دەبێت، واتە داواکارییەکانی حەماس بۆ دەرچوونی تەواوەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە جێبەجێ ناکرێت. یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی ئەو ئاگربەستەی پێشنیازکراوە،  ئازادکردنی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی بندەستی حەماس بەرامبەر ئازادکردنی 100 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، کە رێژەیە ئەگەری هەیە بەرزببێتەوە بۆ یەک ئیسرائیلی بەرامبەر 250 فەڵەستینیی، سەبارەت بەوەی ئایا کام بارمتانە ئیسرائیلییانە ئازادەکرێن میدیاکان باسیان لەوکردووە، سەرەتا ژن و منداڵان و ئەو کەسانەی دۆخی تەندروسییان باش نییە ئازاد دەکرێن.

سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەستەکە بۆ ماوەی چەندێک درێژە دەکێشێت، میدیا میسرییەکان ئاشکرایانکردووە، وادەی پێشنیازکراو بۆ ئاگربەستەکە مانگ و نیوێکە، ئەگەریشی هەیە بەدرێژای مانگی رەمەزانیش شەڕ لە غەززە رابگیرێت.

ئەوەی پەیوەستە بەهەبوونی سەربازیی ئیسرائیلەوە بەپێی ئاگربەستی داواکراوە، ئیسرائیل پێداچوونەوە بە جێگریکردنی سەربازەکانی لە غەززە دەکات، لە بەشێک لەشوێنەکان دەکشێننەوە.

لای خۆیەوە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، رایگەیاند، ئاگربەستەکەیان بەدەست گەیشتووە و تاوتوێی دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر و لە 24ی یازدەی ساڵی رابردوو، بۆ ماوەی یەک هەفتە ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هاتە کایەوە، بەهۆی نزیکەی 100 بارمتەی ئیسرائیلی و زیاتر لە 250 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.