وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، بەربەستەکانی بەردەم ناردنی بڕی 618  ملیار دینارەکەی بەغداد تێپەڕێنراوە و هەموو رێکارە ئیداریی و یاساییەکان تەواوبووە، بۆیە چاوەڕوانن لەسبەینێوە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 618 ملیار دینارەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم ناردنی بڕی 618 ملیار دینارەکەی بەغداد تێپەڕێنراوە و هەموو رێکارە ئیداریی و یاساییەکان تەواوبووە، بۆیە چاوەڕوانین لە سبەینێوە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران رادەگەیەنرێت.

هەر لەو بارەیەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هه‌رچی له‌ ده‌ستمان هات كردمان و به‌ربه‌سته‌كانی بەردەم ناردنی مووچەمان لەلاین بەغداوە تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ی پێشتریش گوتراو و بیستتان راست نه‌بوون و بێ بنه‌ما بوون، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌رچی بیانووه‌ هه‌بوون، نه‌مانهێشت".

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، 618 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەر کە 618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؛ رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن.