زیاتر لە 300 بیانی لە كوردستان دژی داعش دەجەنگن

K24 - ھەولێر

راپۆرتێكی شیكاری ئاشكرای دەكات زیاتر لە 300 بیانی لە ریزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە دژی داعش شەڕ دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی شیکاری پەیمانگای دیالۆگی ستراتیژی کە بنکەکەی لە لەندەن، زیاتر لە 300 چەکداری بیانی ئێستا لەنێو پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگەدان کە لەماوەی دووساڵی رابردوودا ھاتوونەتە عێراق و سووریا، بەمەبەستی بەڕەنگاربوونەوە لەدژی داعش.

راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لەنێو ئەو چەکدارە بیانیانە، زۆربەیان ئەمریکین و زۆرینەشیان لەرابردوودا لە سوپای ئەمریکیدا سەرباز بوون و ئەزموونی سەربازیان ھەیە.

ئەو راپۆرتە روونیكردوەتەوە، لە نێویاندا زیاتر لە 100 ئەمریکی لەنێو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە رۆژئاوای کوردستان لەدژی چەکدارانی داعش شەڕ دەکەن.

ھەروەھا راپۆرتەکە دەریدەخات کە ھاووڵاتیانی 26 وڵاتی رۆژئاوا روویان لە عێراق و سووریا کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتان داوایان لە ھاووڵاتییەکانیان کردووە نەچنە ئەو دوو وڵاتە و رووبەڕووی داعش ببنەوە.