لە یادى شەهیدانى یەکـی شوباتدا وەزارەتى کاروبارى شەهیدان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

"تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوونەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو"

K24 – هەولێر:

لە یادى شەهیدانى (1)ـی شوباتدا، وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەگەر چى تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوونەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانییەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتری بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ریزەکانى گەلەکەمان بێت.

(20) ساڵ بەسەر تەقینەوەكانی (1)ـی شوباتی (2004) تێدەپەڕێت، كە لە یەك كاتدا بارەگاكانی لقی (2)ی پارتی و مەڵبەندی (3)ـی یەكێتی لە ھەولێر له‌رێگه‌ی دوو كرده‌ی خۆكوژییه‌وه‌ ته‌قێندرانه‌وه‌ و بەوھۆیەوه‌ (103) كەس شەھید بوون، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان:

پێش (20)ساڵ و لەڕێکەوتی (یه‌ك)ى شوباتى ساڵى 2004 تیرۆریستانی تاریک ویست لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان (103)بەرپرسى حکومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتییان شەهیدکرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون.

ئەگەر چى تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوونەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان،

ئەمساڵیش کە یادى شەهیدان و قوربانییانی ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ  بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تیرۆریزم.

هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ڕیزەکانى گەلەکەمانبێت. ئێمەش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ، بیرەوەرى شەهیدان و قورباییان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان.

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان

1ى شوباتی 2024