لەنجە دزەیی: هەندێک لایەن هێزەکانیان بۆ تێکدانی ئاوەدانی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ

بەهرام یاسین: هەمیشە داواکارییەکانی کورد بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراونەتەوە

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد ئاشتیخواز نییە، تاکە تاوانی کورد ئەوەیە داوای مافی خۆی دەکات. ئاماژە بەوەشدەکات، نەیاران هەموو هێزەکانیان بە کاردەهێنن بۆ ئەوەی رێ لە پێشکەوتنەکانی هەرێم بگرن.

لەنجە دزەیی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، لەبری ئەوەی پاڵپشتی بکرێین هێرشمان دەکرێتەسەر، هەروەها بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هێزە هەرێمییەکانیش دەیانەوێت  سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە ئامانج بگرن.

ئەو ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد ئاشتی خواز نییە، تاکە تاوانی کورد ئەوەیە میللەتێکی ئاشتیخوازە و داوای مافی خۆ دەکات و دەست بۆ مافی کەس نابات.

لەنجە دزەیی، باسی لەوەشکرد، نەیاران هەموو هێزەکانیان بە کار دەهێنن بۆ ئەوەی رێ لە پێشکەوتنەکانمان بگرن، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هیچ کەس و هێزێک ناروخێت و ئیرادەی ناشکێت.

ئەو ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: هەرێمی کوردستان دەستی بە خەباتی ئاوەدانکردنەوە کردووە، هەروەها ئاوەدانی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە عێراق بەراورد ناکرێت.

لەنجە دزەیی، جەختی لەوەشکردەوە، هەندێک لایەن هەموو هێزەکانیان بۆ تێکدانی ئاوەدانی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ، هەروەها بە شێوازێکی رێکخراو کار لەسەر جینۆسایدکردنی کورد دەکرێت.

ناوبراو لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر  سەرنجی بۆ ئەوە راکیشاوە، کۆدەنگی خەڵکی کوردستان دژی هێرشەکە کارێکی ئەرێنی بوو.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

بەهرام یاسین: هەمیشە داواکارییەکانی کورد بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراونەتەوە

بەهرام یاسین، بەرپرسی لقی 10 ـی پارتی، لە بەرنامەی باس رۆژی کوردستان24دا ئاماژەی بەوەدا، پاساواکەن بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان بێ بنەمان، تەنیا بۆ ئەوەیە ئەمنیەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان بشێوێنن، هەروەها دەیانەوێت پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بوەستێنن.

بەرپرسی لقی 10 ـی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە داواکارییەکانی کورد بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراونەتەوە، هەروەها ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە خوێنی هەزاران شەهید دروستکراوە هیچ کاتێک ئیرادەی ئەو میللەتە ناشکێت، هەروەکو سەرۆک بارزانی فەرمووی "دەتوانن بمانکووژن بەس ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن".

بەهرام یاسین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، نایارنمان ناتوانن پیشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بوەستێنن، تەنیا دەتوانن هەندێک ئاستەنگمان بۆ دروست بکەین بەڵام ئێمە بەو ئیرادە بەهیزانەمان هەرگیز کۆڵنادەین.

لەبارەی هێزی پیشمەرگە ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێشمەرگە بە چەکێکی کەم و ئیرادەیەکی بەهێز داعشی تێکشکاند.

ساڵی 2014 گرووپی چەکدارانی داعش لە سووریا بۆ یەکەمجار سەری هەڵدا، دواتر توانیان بەشێکی زۆری شارەکانی سووریا و عێراقیش داگیربکەن، هەروها توانیان سووپای عێراق تێکبشکینن و پارێزگای نەینەوا داگیر بکەن و، ئەو پارێزگەیان کرد بە پایتەختی دەوڵەتەکەی خۆیان، لە بەرامبەردا هێزەکانی پێشمەرگە کوردستان بە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە چەندین هێرشدا زەبری کووشندەیان لە چەکدارانی داعشدا و کۆتاییان بە هەژوومنی داعش لە عێراق هێنا.

تۆڵە مەهدی خۆشناو: ئاوەدانی هەرێمی کوردستان دووژمنانی نیگەران کردووە

تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە، لە بەرنامەی باسی رۆژدا بە ژینۆ محەممەدی راگەیاند، کاتێک دەمانەوێت بەرەو پێش بچین ئەو کاتە دووژمنەکانمان و دێن و رێگەمان لێ دەگرن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین و ناوەستین.

بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە، لەبارەیتەقینەوەکەی یەکی شوبات گوتی: لە یەکی شوبات هەموو لایەنە کوردییەکان بە ئامانج کران، هەروەها هەموو چەند ساڵێک جارێک دووژمنان هەوڵی کردوەیەکی تیرۆرستی دەدەن بۆ ئەوەی رێگریمان لێبکەین لەوەی مافە رەواکانمان بەدەست بهێنین.

تۆڵە مەهدی خۆشناو، گوتیشی: پاش 10 ساڵ بەسەر تاوانەکانی یەکی شوبات شەڕی داعش روویدا، هەروەها دوای 20  ساڵ بەسەر یەکی شوبات هێرشە مووشەکی کرایە سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی.

بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە، لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات، گەلی کورد گەلێکی ژیان دۆست و ئاشتیخوازە، بەڵام دووژمنەکان هەمیشە نایەنەوێت ئەو ئاشتییە بەردەوام  بێت.

تۆڵە مەهدی خۆشناو، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد خوێنی نەڕێژراوە، هەروەها ئاوەدانی هەرێمی کوردستان دووژمنانی نیگەران کردووە.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردتسان ناتوانن ئیرادەی کورد بشکێنن.

20 ساڵ پێش ئێستا لە رۆژی (1ـی شووباتی 2004) لە یەك كاتدا بارەگاكانی لقی 2ـی پارتی و مەڵبەندی 3ــی یەكێتی لە ھەولێر له‌رێگه‌ی دوو كرده‌ی خۆكوژییه‌وه‌ ته‌قێندرانه‌وه‌ و بەوھۆیەوه‌ 103 كەس شەھید بوون، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.